شاعیر: سەید محەممەد تاهیر هاشمی
کتێب: ھەوارگەی دڵان
سەرناو: دڵم بۆ حەزرەتی تۆ مەخزەنی دەرد و غەمە هێشتا

دڵم بۆ حەزرەتی تۆ مەخزەنی دەرد و غەمە هێشتا
غەمت شادیفەزایە هەرچی بیدەی هەر کەمە هێشتا

ئەگەرچی بۆتە چاوەی زووخی مەینەت زامی ناسۆرم
بە لەبخەندە و نیگای دا چاوەنواڕی مەرهەمە هێشتا

وجوودی من سەراپا مەحوی سەیری حوسنیە و نوتقم
لە وەسفی یەک سەری مووی هیچنەزان و ئەبکەمە هێشتا

لە ئەو زوهرەجەبینە عەینی نەعشە عیقدی پەروینم
بەڵام عوقدەی غەم و دەردی لەنێو دڵدا جەمە هێشتا

لەگەڵ ئەو یاری غارەم ئاخ نەبوو عەیشی سەفەر قسمەت
درێغ پێم چاوەنواڕی ئێشی نێشی ئەرقەمە هێشتا

خەم و پێچی کەژ و کێوی چیا و هەردی وەفام تەی کرد
کە زوڵفت خاوی ئەستۆم بێ و کەچی هەر پڕ خەمە هێشتا

نیگای ئەو ئاهووە شێرانی بێشەی شێت و شەیدا کرد
چ زێبا سەردەلیلەی شۆخ و دڵچەسپی ڕەمە هێشتا

لە حەوزەی عیلم و عیرفان وێڵ و وەحشی ماوە گەر تاهیر
چ غەم مەدداحی شێت و وێتی غوث الاعظمە هێشتا